بنياتنانی متمانە بەخۆبوون لە منداڵدا پرۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستی بە تێگەیشتن و خۆراگری ھەیە. لێرەدا کۆمەڵێک خاڵی پراکتیکی و گرنگت دەخەینە ڕوو کە دەتوانیت لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاریان بھێنیت:
١: گرنگیدان بە ھەوڵدان نەک تەنھا ئەنجام:
بڕوانە بەرەو ئەو کارەی ئەنجامی دەدات، نەک تەنھا سەرکەوتنەکەی.
بۆ نموونە: لە جیاتی ئەوەی بڵێیت “تۆ زۆر زیرەکیت ( بڵێ )من بینیم چەند ماندوو بوویت بۆ ئەوەی ئەم وێنەیە بکێشیت، یان شانازیت پێوە دەکەم کە کۆڵت نەدا تا کارەکەت تەواو کرد، ئەمە وادەکات منداڵەکە متمانەی بە توانای ھەوڵدانی خۆی ھەبێت، نەک تەنھا ترس لە شکست.
٢: بەخشینی بەرپرسیارێتی گونجاو:
منداڵ کاتێک ھەست بە متمانە بەخۆبوون دەکات کە ھەست بکات (کەسێکی بەسوودە) لەناو خێزانەکەدا.
ئەرکێکی بچووکی پێ بدە کە گونجاو بێت لەگەڵ تەمەنیدا، وەک (ڕێکخستنی ژوورەکەی، ئامادەکردنی مێزی نانی بەیانی، یان ئاودانی گوڵەکان). کاتێک کارێک بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدات، ھەست بە بەھای خۆی دەکات.
٣: ڕێگەدان بە بڕیاردان:
بۆ ئەوەی منداڵ بڕیاردەر بێت، پێویستە لە تەمەنێکی بچووکەوە ڕاھێنانی پێ بکرێت.
ھەڵبژاردنی سنووردار: مەڵێ چی دەخۆیت؟، بەڵکو بڵێ ( دەتەوێت سێو بخۆیت یان مۆز؟. کاتێک منداڵ ھەست دەکات ڕای ئەو گرنگە و بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، کەسایەتییەکی بەھێزی بۆ دروست دەبێت.
٤: فێرکردنی خۆڕاگری لە بەرامبەر شکستدا:
شکست بەشێکە لە فێربوون. ئەگەر منداڵێک ھەڵەیەکی کرد، یارمەتی بدە بۆ ئەوەی لە ھەڵەکەی فێربێت نەک سزای بدەیت.
پێی بڵێ: ھەموومان ھەڵە دەکەین، گرنگ ئەوەیە بزانین چۆن لە داهاتوودا باشتر مامەڵە بکەین. ئەمە وای لێ دەکات لە داهاتوودا نەترسێت لە تاقیکردنەوەی شتی نوێ.
٥: گوێگرتنێکی چالاک:
زۆرجار منداڵان متمانەیان کەم دەبێتەوە چونکە ھەست دەکەن کەس گوێیان لێ ناگرێت.
کاتێک قسەت بۆ دەکات، ھەموو سەرقاڵییەکی تر لابە و چاوەڕێی بکە تا قسەکانی تەواو دەکات. کاتێک ھەست دەکات بۆچوونەکەی تۆ بەلاوە گرنگە، ئەویش زیاتر متمانەی بە خۆی و بە بۆچوونەکانی خۆی دەبێت.
٦: دوورکەوتنەوە لە بەراوردکردن:
ھەرگیز منداڵەکەت بە براکەی، خوشکەکەی، یان ھاوڕێکانی بەراورد مەکە.
بەراوردکردن کوژەری متمانەیە. ھەموو منداڵێک خاوەنی خێرایی گەشەکردن و بەھرەی تایبەت بە خۆیەتی. پێی بڵێ کە تۆ خۆشت دەوێیت بەبێ ئەوەی ھیچ مەرجێکت ھەبێت.
٧: خۆت ببە بە نموونە:
منداڵان زیاتر لەوەی گوێیان لێ بێت، چاویان لە ڕەفتارەکانی تۆیە.
کاتێک خۆت لە ئاستی خۆتدا متمانەت بەخۆت ھەبێت، کاتێک بە شانازییەوە باس لە کارەکانت دەکەیت یان ڕووبەڕووی کێشەکان دەبیتەوە بە ئەرێنی، منداڵەکەت ئەم شێوازە وەک بەشێک لە کەسایەتی خۆی فێر دەبێت.
وەڵامێک بنووسە