زۆر لێکردنی منداڵ بۆ سڵاوکردن، ماچکردن، یان قسەکردن لەگەڵ خەڵکدا تەنانەت ئەگەر خزم و کەسی نزیکیش بن لەجیاتی ئەوەی ڕێز و ئاداب بە منداڵەکە فێر بكات، دەکرێت کاریگەری و زیانی خراپ لەسەر دەروون و کەسایەتی بەجێبهێڵێت.


گرنگترین زیانە دەروونییەکانی ئەم کارە بریتین لە:
١. لاوازبوونی ھەستی (سنووری جەستەیی) و پاراستنی خۆی:
کاتێک منداڵ زۆر لێدەکرێت کە کەسێک ماچ بکات یان ڕێگەی پێبدات دەستی لێبدات لەکاتێکدا خۆی ئارەزووی ناکات، بە نائاگایی فێر دەبێت کە جەستەی خۆی موڵکی خۆی نیە و ڕەتکردنەوەی پەیوەندی جەستەیی تاوانە. ئەمەش لە داهاتوودا توانای پاراستنی خۆی لە گێچەڵ یان دەستدرێژی لاواز دەکات.


٢. دروستبوونی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی:
فشارخستنەسەر منداڵ لە بەردەم خەڵکدا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی شەرمەزاری و باوەڕبەخۆنەبوون. منداڵەکە وا هەست دەکات شوێنی سەرنج و دادوەریی کەسانی ترە، ئەمەش لەبری ئەوەی کۆمەڵایەتی بکات، زیاتر دەیکشێنێتەوە و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی تێدا بەهێز دەکات.


٣. تێکچوونی متمانە بە هەستەکانی خۆی:
منداڵ سروشتیانە پێویستی بە کات هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسانی نوێ یان ژینگەی نوێدا ڕابێت. کاتێک ئارەزووی قسەکردن ناکات و ئێمە زۆری لێدەکەین، ئەم پەیامەی پێدەگات کە هەستەکانی تۆ (شەرم، ترسی، یان ئامادەنەبوون) گرنگ نین و هەڵەن ئەمەش وای لێدەکات لە داهاتوودا متمانەی بە هەست و ناسنامەی خۆی نەمێنێت.


٤. دروستبوونی یاخیبوون یان (ڕەزامەندیکردنی کوێرانەی خەڵک):
لە ئەنجامی ئەم زۆرکردنەدا، منداڵ بە یەکێک لەم دوو ڕێگەیە وەڵام دەداتەوە:
یاخیبوون: تەواو ڕەفتاری توندوتیژ یان کەلەڕەقی بەرامبەرتان و بەرامبەر میوانەکان نیشان دەدات.
ملکەچی زیاد لە پێویست: فێر دەبێت هەمیشە ئارەزوو و ئاسوودەیی خەڵک پێش هەست و ئاسوودەیی خۆی بخات، کە ئەمەش لە گەورەییدا کێشەی دەروونی قووڵی بۆ دروست دەکات.


چۆن بە ڕێگەیەکی دروست فێری سڵاو و ڕێزی بکەین؟
١: نموونەی باش بە:
خۆت بە گەرمی سڵاو بکە منداڵان، لە ڕێگەی چاودێریکردنی ڕەفتاری دایک و باوکیانەوە زۆر زیاتر فێر دەبن تا لە ڕێگەی فەرمانکردنەوە.


٢: بژارەی جێگرەوەی ببدەرێ: ئەگەر نەیویست ماچ یان باوەش بکات، پێی بڵێ دەتوانیت تەنها تەوقە بکەیت،یان تەنها بڵێیت (سڵاو).


٣: ڕێز لە ئامادەیی بگرە: ڕێگەی پێبدات کەمێک چاودێری دۆخەکە بکات و ئارام بێتەوە، دواتر کە هەستی بە ئاسودەیی کرد خۆی دەستپێشخەری دەکات.


٤: لە بەردەم خەڵک شەرمەزاری مەکە: ئەگەر سڵاوی نەکرد، بە میوانەکە بڵێ: (ئەمڕۆ کەمێک شەرم دەکات، ئاساییە دیارە هێشتا ڕانەهاتووە) بەمەش پشتیوانی دەروونی منداڵەکەت دەکەیت.