زۆربەمان منداڵی لە “بێشکە”دا گەورە بووین، بەڵام ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بە چاوێکی زانستی سەیری ئەم دابونەریتە بکەین؟ لێرەدا چەند ڕاستییەک دەخەینە ڕوو کە ڕەنگە بۆچوونت بگۆڕێت:
١. جومگەی حەوز و قاچەکان:
منداڵ ٩ مانگ لە سکی دایکیدا قاچەکانی نوشتاوەتەوە و ڕانی نوساوە بە سنگییەوە. ئەمە سروشتیترین پۆزیشنە بۆ گەشەی جومگەی حەوز. کاتێک ئێمە دەبین بە بێشکە و قۆماتی توند قاچەکانی ڕێک دەکەینەوە، لە ڕاستیدا “دەرچوونی حەوز” دروست دەکەین و ڕێگری لە گەشەی ئاسایی جومگەکان دەکەین.
٢. مەترسی خنکان و “شەوە”:
لە کۆنەوە بیستوومانە دەڵێن منداڵەکە “شەوە” بردوویەتی (واتە بەبێ هۆکار گیانی لەدەستداوە). بەڵام لە ڕووی پزیشکییەوە، بەستنەوەی توندی منداڵ لە ناو بێشکەدا دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی، بەتایبەت ئەگەر کەمێک هەوکردنی سنگی هەبێت. مەترسییە گەورەکە لێرەدایە: ئەگەر منداڵەکە بڕشێتەوە، بەهۆی ئەوەی توند بەستراوەتەوە و ناتوانێت بجوڵێت، ڕشانەوەکە دەچێتە بۆری هەناسەی و دەبێتە هۆی خنکانی دەستبەجێ!
٣. ئازاری سک و غازات:
کاتێک ئێمەی گەورە تووشی سک ئێشە دەبین، وەک کاردانەوەیەک قاچەکانمان بەرەو سکمان دەچەمێنینەوە بۆ ئەوەی ئازارەکەمان کەم بێتەوە. منداڵیش ڕێک پێویستی بەم جوڵەیەیە بۆ ئەوەی غازاتی ناو سکی دەربکات. کاتێک تۆ توند دەبیبەستیتەوە، لە ڕاستیدا دەرفەتی کەمکردنەوەی ئازارەکەی لێ دەسەنیتەوە. ئایا تۆ پێت ڕەوایە کاتێک سکت دێشێت دەست و قاچت ببهێنرێتەوە؟
٤. گەشەی مێشک و جەستە:
منداڵ پێویستی بەوەیە دەست و قاچەکانی بجوڵێنێت تاوەکو کۆئەندامی دەماری و ماسولکەکانی گەشە بکەن. بێشکە ئەم گەشەیە پەکدەخات و منداڵەکە تەنها وەک “تەختە”یەکی لێ دێت.

