لە سەردەمی ئەمڕۆدا، ڕووبەڕووبوونەوەی داواکارییە بێ کۆتاییەکانی منداڵ یەکێکە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم دایک و باوکان، زۆربەی جار ئەم داواکارییانە تەنها پێویستیی ماددی نین، بەڵکو دەبنە شێوازێکی پەیوەندیکردن لە نێوان منداڵ و دەوروبەردا. پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە چۆن (نەخێر) بە منداڵ بڵێین، بەڵکو ئەوەیە چۆن فێری بکەین بەهای شتەکان بزانێت و لە نێوان (ویست) و (پێویست)دا جیاوازی بکات. لەم بابەتەدا، بە شێوازێکی زانستی و پراکتیکی، ڕێگاکانی بنیاتنانی کەسایەتییەکی تێگەیشتوو و ڕازی لە منداڵدا دەخەینە ڕوو، بەبێ ئەوەی هەست بە کەمی یان بێبەشبوون بکات:

١: لە بیرت بێت تا زیاتر داواکاری بۆ جێبەجێ بکەیت ئەویش داواکاریەکانی زیاتر دەبێت.

٢: پێویستە سنوور بزانێت بۆ هەموو داواکارییەکانی( بەڵێ )مەکە.

٣: هەرگیز لەبەرچاوی باسی خۆشی ژیانی کەس مەکە تا هەستی کەمی لا دروست نەبێت، چونکە ئەوە سەرچاوەی ڕازی نەبوونە بەوەی کە هەیەتی.

٤: فێری بکە سوپاسی شتە بجووکەکانی ژیانی بکات تا بەهای سوپاسگوزاری لا دروست ببێت

٥: کاتێک داوای شتێک دەکات دەست بە جێ بۆی مەکڕە تاوەکو فێری چاوەڕوانیکردن ببێێت.

٦: زۆرکڕینی شت دەبێتە هۆی لەدەست دانی بەهای شتەکان بۆیە گرینگە پێویستی و حەزی بۆ ڕوونبکەیتەوە.

٧: هاندانەکانت هەمیشە ماددی نەبێت، بەڵکو یاریکردن بەیەکەوە و چوونەدەرەوە هاوکاریکردنی، هەموو ئەمانە وەک پاداشت بەکاربهێنە.

٨: هەموو دڵخۆشی و سوپاسگوزاریەکان پەیوەست مەکە بە شتی ماددیەوە بەڵکو فێری بکە دایک و باوک و خوشک و برا ماڵی ئارام لەشی تەندروست هەموو ئەمانە سەرچاوەی دڵخۆشین و گرینگە سوپاسگوزار بین.