دابینکردنی سنوور بۆ منداڵ بەبێ توندوتیژی، پێویستی بە لێهاتووییەوە هەیە، سنوور بە واتای قەدەغەکردن یان سزادان نایەت، بەڵکو بە واتای پێدانی ئاسایش و ڕێنمایییە بە منداڵ بۆ ئەوەی بزانێت چی گونجاوە و چی گونجاو نییە.


لێرەدا چەند هەنگاوێکی کردەیی دەخەینە ڕوو:


١: ڕوونی و سادەیی لە داواکارییەکان:
منداڵ ناتوانێت تێبگات ئەگەر ڕێنمایییەکانت ئاڵۆز بن.
بە کورتی قسە بکە: لە جیاتی ئەوەی بڵێیت ( بۆچی ئەم ژوورەت تێکدا؟ )بڵێ: ( تکایە یارییەکانت بخەرەوە ناو سەبەتەکە ).
بە ئەرێنی قسە بکە: مێشکی منداڵ پەیامی ئەرێنی باشتر وەردەگرێت. لە جیاتی ( ڕامەکە ) بڵێ ( تکایە بە هێواشی بڕۆ ).


٢: بەکارهێنانی (ئەگەر… ئەوا…) (دیاریکردنی دەرەنجام):

ئەمە یارمەتی منداڵ دەدات تێبگات کە هەڵسوکەوتەکانی دەرەنجامیان هەیە، بەبێ ئەوەی پێویست بە هاوارکردن بکات.
نموونە: ( ئەگەر یارییەکانت کۆنەکەیتەوە، ئەوا ناتوانین یارییەکی نوێ دەست پێ بکەین تا ئەوانەی پێشوو ڕێک دەخەین ).
گرنگە: دەرەنجامەکە دەبێت پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هەڵسوکەوتەکەوە هەبێت، نەک سزایەکی بێ پەیوەندی (وەک بێبەشکردن لە خواردن).


٣: پێدانی هەڵبژاردن (بۆ کەمکردنەوەی بەرگری):
کاتێک منداڵ هەست دەکات کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆی بە دەستەوەیە، کەمتر یاخی دەبێت.
نموونە: لە جیاتی ئەوەی بڵێیت ( بڕۆ بخەوە ) بڵێ (دەتەوێت کام چیرۆکە بخوێنینەوە پێش خەوتن؟). بەمە سەرنجی دەخەیتە سەر بڕیارێک کە خۆت دیاریت کردووە.


٤: گوێگرتن و تێگەیشتن لە هەستەکان:
زۆر جار یاخیبوونی منداڵ نیشانەی ئەوەیە کە شتێک لە ناخیدا دەگوزەرێت.
ئەگەر منداڵەکەت تووڕە بوو، پێی بڵێ: ( دەزانم تووڕەیت چونکە دەتویست زیاتر یاری بکەیت، بەڵام ئێستا کاتی خەوتنە)
کاتێک هەستەکانی دەبینیت و دانی پێدا دەنێیت، ئاستی بەرگری و تووڕەیییەکەی دادەبەزێت.


٥: یەکگرتوویی و بەردەوامی:
ئەمە گرنگترین خاڵە. ئەگەر ئەمڕۆ یاسایەک هەبوو، نابێت سبەی بەهۆی ماندوێتی خۆتەوە ڕێگەی پێ بدەیت پێشێلی بکات.
ئەگەر یاسایەک هەیە (وەک: پێش نانخواردن شیرینی نییە) دەبێت هەمیشە جێبەجێ بکرێت. کاتێک منداڵ دەزانێت یاساکان نەگۆڕن، کەمتر هەوڵی شکاندنیان دەدات.


٦: کاتی باش بۆ گفتوگۆ:
هیچ کاتێک لە کاتی تووڕەیی منداڵدا هەوڵی ڕێنمایی مەدە.
کاتێک منداڵەکەت ئارامە، لەگەڵیدا دابنیشە و یاساکانی ماڵەوەی بۆ ڕوون بکەرەوە، بۆ نموونە: ( لە ماڵەکەماندا ئێمە بە هێواشی قسە دەکەین، نا هاوار دەکەین و نە لێدان ).


٧: بەشداریکردن لە یاساکان:
ئەگەر منداڵەکەت گەورەترە (سەروو ٣ ساڵ)، لەگەڵیدا دابنیشە و یاساکان دابنێن. کاتێک بەشداری لە دانانی یاساکان دەکات، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات بۆ جێبەجێکردنیان.


گرینگە هەمیشە بیرت بێت کە:
سنوور دانان واتای ئەوە نییە کە تۆ وەک دایکێک دڵڕەق بیت، بەڵکو واتای ئەوەیە کە تۆ خەمخۆری و دەتەوێت فێری ڕێزگرتن لە خۆی و دەوروبەری بکەیت. هەرگیز چاوەڕێی ئەوە مەبە کە منداڵ بە یەک جار فێر ببێت، پێویستە ئارامگربیت لە بینی دەرەنجام.