بۆ پاراستنی ڕوخسار لە دروستبوونی زیپکە و هێشتنەوەی پێست بە تەندروستی، ئەم هەنگاوە زانستی و پراکتیکیانە زۆر یارمەتیدەرن:
١: شۆردنی ڕوخسار بە شێوازێکی تەندروست:
دوو جار لە ڕۆژێکدا: ڕوخسارت ڕۆژانە بەیانیان و ئێواران بشۆرە، هەروها دوای وەرزش کردن و ئارەقکردنەوەی زۆر، بۆ ئەوەی چەوری، پیسی و بەکتریای کۆبووەوە نەمێنن.
بەکارهێنانی پاککەرەوەی گونجاو: پاککەرەوەیەکی نەرم بەکاربهێنە کە پێست وشک نەکاتەوە و پارێزەری چینی پارێزەری پێست بێت.
٢: بەکارهێنانی دژەخۆر (Sunscreen) بە شێوازێکی ڕۆژانە:
خۆپاراستن لە تیشکی سەروو بنەوشەیی (UV) زۆر گرنگە، چونکە تیشکی خۆر دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی سەرەتایی پێست و دواتر کاردانەوە و دەردانی چەوری زیادە بۆ قەرەبووکردنەوەی، کە ئەمەش ڕێگە بۆ دروستبوونی زیپکە خۆش دەکات.
دژەخۆرێکی بێچەوری بەکاربهێنە کە کونیلەکانی پێست نەگیرێت.
٣: شێدارکردنەوەی پێست (Moisturizing):
تەنانەت ئەگەر پێستت چەوریش بێت، پێویستی بە شێدارکەرەوە هەیە.بەکارنەهێنانی شێدارکەرەوە وای لێدەکات پێست زیاتر چەوری دەربدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکبوونەوە.
هەمیشە بەدوای ئەو بەرهەمانەدا بگەرێ کە لەسەریان نووسراوە (Non-comedogenic)، واتە کونیلەی پێست ناگرێت
٤: دوورکەوتنەوە لە دەستکاری کردنی زیپکە:
تەقاندن یان گوشینی زیپکە دەبێتە هۆی پاڵنانی بەکتریاکان بۆ قووڵایی پێست، ئەمەش دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنی هەوکردنی زیاتر، پەڵەی قاوەیی، یان شوێنەواری هەمیشەیی.
٥: هەڵبژاردنی دروستی مەکیاج و جوانکاری:
دڵنیابەرەوە لەوەی ئەو مەکیاج و بەرهەمانەی بۆ پێستت بەکاریان دەهێنیت لە جۆری (Non-comedogenic) بن.
گرنگترین خاڵ: پێویستە هەمیشە پێش خەوتن هەموو مەکیاجەکەی سەر ڕوخسارت بە پاککەرەوەی گونجاو لابەری تا کونیلەکانی پێستت لە کاتی خەودا هەناسە بدەن.
٦: گرنگیدان به ژینگە و پاکوخاوێنی کەلووپەل:
گۆڕینی بەرگی سەرین: باشترە بەرگی سەرینەکەت هەفتانە چەند جارێک بگۆڕیت، چونکە چەوری پێست، پاشماوەی قژ و بەکتریای لەسەر کۆدەبێتەوە.
پاکی مۆبایل: شاشەی مۆبایل ڕووبەرێکی گەورەی بەکتریای هەیە، کاتێک قسەی پێ دەکەیت دەگوازرێتەوە بۆ سەر رووخسار، بۆیە باشترە بە پارچە کلێنێکسێک بیسڕیتەوە.
٧: سیستەمی خۆراکی هاوسەنگ:
خواردنی بڕێکی زۆر لە سەوزە، میوە و ئاو یارمەتی نوێبوونەوەی خانەکانی پێست دەدات. هەندێک لە لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن که کەمکردنەوەی خۆراکە خێراکان (Fast food) و شیرەمەنییە پڕ چەورییەکان کاریگەری ئەرێنی هەیە لە کەمکردنەوەی هەوکردنی پێست.
وەڵامێک بنووسە