یەکێک لە گرینگترین و بنەڕەترین بابەتە دەروونییەکان کە کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر داهاتووی منداڵ هەیە و پێویستە هەموو دایک و باوکێک هۆشیاری تەواویان لەبارەیەوە هەبێت، بریتییە لە:
(سەلامەتیی سۆزداری):
سەلامەتیی سۆزداری بەو مانایە دێت کە منداڵ هەست بکات ماڵەوە ئەو شوێنەیە کە دەتوانێت بەبێ ترس هەستەکانی دەرببڕێت، هەڵە بکات، و خۆی بێت، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند، سووکایەتی، یان هەڕەشەی پخچڕانی خۆشەویستی ببێتەوە.
بۆچی ئەم بابەتە زۆر گرینگە؟
کاتێک منداڵ لە کەشێکی (سەلامەتی سۆزداری) گەورە دەبێت، مێشکی لە بری ئەوەی لە حاڵەتی ( بەرگری یان هەڵاتن ) بێت، لە حاڵەتی ( گەشەکردن و فێربوون) دایە. ئەمەش چەند لێکەوتەی ئەرێنی دەبێت:
١: دروستکردنی متمانە بەخۆبوون: ئەو منداڵەی هەست دەکات گوێی لێ دەگیرێت و تێگەیشتنی بۆ دەکرێت، متمانەی بەخۆی و تواناکانی زیاتر دەبێت.
٢: بەڕێوەبردنی هەستەکان: کاتێک دایک و باوک یارمەتی منداڵ دەدەن هەستەکانی (توڕەیی، ترس، غەمباری) بناسێت و دەریببڕێت، منداڵەکە لە داهاتوودا دەبێتە کەسێکی خاوەن ئیرادە و کۆنترۆڵی سۆزداریی بەرز.
٣: پەیوەندی کۆمەڵایەتی تەندروست: ئەو منداڵەی لە ماڵەوە ڕێزی لێ گیراوە، فێردەبێت چۆن ڕێز لە بەرامبەر بگرێت و پەیوەندی تەندروست لەگەڵ هاوڕێ و کۆمەڵگەدا دروست بکات.
چۆن ئەم ( سەلامەتییە سۆزدارییە ) لە پەروەردەدا بەرجەستە بکەین؟
دایک و باوکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم خاڵانەوە ئەم ژینگەیە دروست بکەن:
١: گوێگرتنی چالاک: کاتێک منداڵ قسە دەکات، هەموو سەرنجت بدە پێی. وەڵامی بە پەلە مەدەرەوە، هەوڵبدە لە پشت وشەکانییەوە تێبگەیت چی دەڵێت.
٢: بەهای هەستەکان: نەک ڕەفتارەکان: جیاوازی بکە لە نێوان (هەست) و ( ڕەفتار). بۆ نموونە: “تێدەگەم کە توڕەی (هەست)، بەڵام نابێت لێبدەیت (ڕەفتار).ئەمە مانای ئەوەیە هەستەکەی پەسەندە، بەڵام هەندێک ڕەفتار قبوڵکراو نییە.
٣: دوورکەوتنەوە لە بەراوردکاری: بەراوردکردنی منداڵ بە برا، خوشک، یان منداڵی کەسانی تر، ژەهرێکە بۆ متمانەبەخۆبوونی منداڵ و سەلامەتی سۆزداری تێکدەدات.
٤: خۆشەویستی بێ مەرج: منداڵەکەت دڵنیا بکەرەوە کە تۆ خۆشت دەوێیت، نەک بەو مەرجەی کە نمرەی باش بهێنێت، یان بە قسەت بکات. خۆشەویستی تۆ دەبێت ئەوەندە جێگیر بێت کە منداڵەکە هەست نەکات ئەگەر هەڵەیەک بکات، تۆ چیتر خۆشت ناوێت.
وەڵامێک بنووسە