پێست لە چەند چینێک پیکهاتووە، کە هەر دانەیەکیان فرمانی گرینگ جێبەجێ دەکەن بۆ پاراستنی جەستە.


بەربەستی پێست (Skin Barrier) بریتییە لە دەرەوەترین چینی پێست و پێی دەوترێت (stratum corneum) ئەم چینە لە خانەی توندی پێست پیکهاتووە کە پێیان دەوترێت (corneocytes) و بەهۆی چەورییەکانەوە (fatty acids) بە یەکەوە بەستراونەتەوە.
وەک بەربەستێک لە نێوان جەستە و ژینگەی دەوروبەریدا کاردەکات، و لە ماددە چەورییەکانی وەک کۆلیسترۆڵ، لیپید و سیراماید پیکهاتووە.


بۆچی گرنگە؟
بەربەستی پێست بە راستی تۆ بە زیندوویی دەهێڵیتەوە بە بێ ئەو، ژەهرە جۆراوجۆرەکانی ژینگە و بەکتریا و ڤایرۆسە زیانبەخشەکان دەتوانن دزە بکەنە ناو پێست و ببنه هۆی دروستبوونی کاریگەری نەرێنی لە ناوەوەی جەستەدا. (ماددە پیسکەرەکان لە دەرەوە دەهێلیتەوە)
بە بێ بەربەستی پێست، ئاوی ناو جەستەت دەردەچوو و دەمەیی، ئەوەش دەبووە هۆی ئەوەی بە تەواوی تووشی وشکبوونەوە بیت. بەربەستێکی تەندروستی پێست = پێستێکی شیدارتر و تەندروستر. (شیداری لە ناوەوە دەهێلیتەوە)
بەربەستی پێست زۆر پێویستە بۆ تەندروستی گشتيت و پێویستە بپارێزریت بۆ ئەوەی یارمه‌تی جەستەت بدات بە دروستی کارەکانی ئەنجام بدات.

چی زیان بە بەربەستی پێست دەگەیەنێت؟
پێستت ڕۆژانە بەرگری لە خۆی دەکات دژی مەترسییەکان، کە زۆربەیان لە دەرەوەی جەستەوە دێن و چەند دانەیەکی کەش لە ناوەوە. هەندێک لە هۆکارە دەرەکی و ناوەکییەکان کە دەبنه هۆی زیان گەیاندن بە بەربەستی پێست بریتین لە:
١: ژینگەی زۆر شیدار یان زۆر وشک.
٢: سابوون و پاککەرەوە توندەکان.
٣: بەکارهێنانی ماددە کیمیاییە توندەکان.
٤: زێدەڕۆیی لە تەقشیرکردن.
٥: بەکارهێنانی دەرمانی ستیرۆید.
هۆکارە بۆماوەییەکان کە لەوانەیە زیاتر تووشی نەخۆشییەکانی پێستت بکەن وەک ئەکزیما و سەدەفی.

نیشانەکانی تێکچوونی بەربەستی پێست:
کاتێک بەربەستی پێست تێکدەچێت یان لاواز دەبێت، لەوانەیە تووشی ئەم نیشانە و کێشانەی پێست بیت:
١: پێستی وشک، سووربوونەوە و قڵیشاو.
٢: خورانی پێست.
٣: دروستبوونی پەڵەی زبر یان گۆڕانی ڕەنگی پێست.
٤: زیپکە (Acne).
٥: هەستیاربوون یان هەوکردنی ناوچەکانی پێست.
٦: تووشبوون بە هەوکردنی بەکتریایی، ڤایرۆسی یان کەروویی پێست.


بەهێزکردنی بەربەستی پێست
١: ئاوی شلە تین بەکاربهێنە: ئاوی زۆر گەرم یان زۆر سارد دەبێتە هۆی ووروژاندنی پێست.
٢: پاککەرەوەی نەرم بەکاربهێنە: پاککەرەوە توندەکان دەبنه هۆی لەناوچوونی ماددە شیدارکەرەوە و خۆراکبەخشە سەرەکییەکان کە بەربەستی پێست بە تەندروستی دەهێڵنەوە.
٣: سکڕەبی زبر بەکارمەهێنە.
٤: زێدەڕۆیی مەکه لە بەکارهێنانی پێکهاتە چالاکەکان: وەک (AHA, BHA, Retinol) یان چارەسەرەکانی زیپکە.
٥: دژەخۆر (SPF) هەموو ڕۆژێک: بەرکەوتنی خۆر یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی بەربەستی پێست.