ڕەخنەگرتنی بەردەوام و توند لەلایەن دایک و باوکەوە، کاریگەرییەکی قووڵ و درێژخایەنی لەسەر پێکهاتەی دەروونی و کەسایەتی منداڵ هەیە. لە ڕوانگەی پەروەردەیی و دەروونناسییەوە، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لەبری گەشەکردن، تووشی کێشەی دەروونی ببێت. لێرەدا بە وردی باسی کاریگەرییەکان دەکەین:


١: لاوازکردنی متمانە بەخۆبوون:
کاتێک منداڵ بەردەوام ڕەخنەی لێ دەگیرێت، وای لێ دێت وادەزانێت کە هەرگیز ناتوانێت کارەکان بە دروستی ئەنجام بدات. ئەمە وادەکات منداڵ هەست بە کەمبوونەوە بکات و متمانەی بە تواناکانی خۆی نەمێنێت، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی زانستی و کۆمەڵایەتیی ژیانی دەبێت.


٢: ترس لە هەڵەکردن و پەیدابوونی کەسایەتی کەمالیست:
زۆر جار ئەو منداڵانەی بە توندی ڕەخنەیان لێ دەگیرێت، دەبنە کەسانی کەمالیست. ئەوان هەمیشە هەوڵ دەدەن هەموو شتێک بێ کەم و کوڕی بێت چونکە دەترسن تووشی ڕەخنە ببنەوە. ئەم جۆرە کەسایەتییە منداڵ تووشی سترێس و دڵەڕاوکێی بەردەوام دەکات، چونکە ترس لە هەڵە بووەتە بەشێک لە ژیانیان.


٣: لاوازبوونی داهێنان و توانای تاقیکردنەوە:

منداڵێک کە ترسی لە ڕەخنە هەیە، ناتوانێت بیرۆکەی نوێ بدات یان شتی نوێ تاقی بکاتەوە. ئەوان خۆیان لە داهێنان بەدوور دەگرن چونکە پێیان وایە ( ئەگەر هەڵەم کرد، ڕەخنەم لێ دەگیرێت)، ئەمەش پێچەوانەی ئامانجەکانی پەروەردەی سەردەمە کە بەدوای داهێنان و بیرکردنەوەی ئازاددا دەگەڕێت.


٤: دروستبوونی هەستی توڕەیی و یاخیبوون:
ڕەخنەی بەردەوام وادەکات منداڵ هەست بکات کە قبوڵکراو نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وەڵامدانەوەی بەرامبەر دایک و باوک بە یاخیبوون یان توڕەیی بێت. هەندێک جار منداڵەکە ئەم توڕەیییە بەرامبەر بە هاوڕێکانی یان لە قوتابخانە بەتاڵ دەکاتەوە.


٥: کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان:
منداڵێک کە لە ماڵەوە بە ڕەخنە گەورە بووە، زۆر جار لە ژیانی داهاتوودا هەست بە نامۆیی دەکات لە پەیوەندییەکانیدا. ئەوان بەردەوام چاوەڕوانی ئەوەن کە خەڵکی تریش ڕەخنەیان لێ بگرن، ئەمەش وادەکات لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەست بە ئارامی نەکەن.