بەکارهێنانی ڕیتینۆڵ (Retinol) و بەرهەمەکانی تری ڤیتامین( A ) لە کاتی دووگیانیدا مەترسییەکی زۆر گەورەی هەیە بۆ سەر کۆرپەلە و دەبێت بە تەواوی دوور بکەویتەوە لێی.
کاتێک ڕیتینۆڵ بە دەم دەخورێت یان بڕێکی زۆر لە ڕێگەی پێستەوە هەڵدەمژرێت، دەبێتە هۆی تێکچوونی گەشەی سروشتی کۆرپەلە، کە لە پزیشکیدا پێی دەوترێت (Retinoic Acid Embryopathy). دیارترین کاریگەرییە خراپەکان ئەمانەن:


١: کێشەکانی مێشک و کۆئەندامی دەمار: دەبێتە هۆی دروستبوونی کەموکوڕی گەورە لە مێشکدا، بچووکبوونەوەی قەبارەی مێشک، یان کێشە لە بەشی پشت و بڕبڕەی پشتدا.


٢: کێشەکانی دڵ: دروستکردنی تێکچوون و عەیبی مەترسیدار لە پێکهاتەی دڵی کۆرپەلەدا.


٣: کێشەی دەموچاو و سەر: شێواندنی شێوەی دەموچاو، بچووکی گۆشتی گوێ یان نەبوونی گوێ، و کێشە لە ئێسکەکانی کاسەی سەردا.


٤: تێکچوونی غوودەی تیمۆس: کە بەرپرسە لە سیستەمی بەرگری لەش و کاریگەری لەسەر توانای بەرگری کۆرپەلە دەبێت.


٥: مەترسی لەبارچوون: زیادکردنی ڕێژەی لەبارچوون لە مانگەکانی سەرەتای دووگیانیدا، یان لەدایکبوونی منداڵ بە مردووی.