دایک و باوک بۆ ئەوەی منداڵەکەیان لە گریان، جموجۆڵی زۆر، یان ڕەفتارێکی خراپ بوەستێنن بەڵێنی شتێکی پێدەدەن، بۆ نموونە ئەم یارییەت بۆ دەکڕم تەنها بێدەنگ بە لەم کاتەدا ڕەنگە منداڵەکە کێشەکە ڕابگرێت بەڵام ئەمە چارەسەر نییە، بەڵکو کڕینی بێدەنگییە.

ئەو پەیامە هەڵەیەی بە منداڵەکەت دەگات چییە:

کاتێک بە بەرتیل ڕەفتاری منداڵەکەت دەگۆڕیت، لە ڕاستیدا بە ناڕاستەوخۆ پێی دەڵێیت ئەگەر هەڵەیەک بکەیت یان لاسار بیت، لە بەرامبەر وازهێنانەکەتدا دیارییەکت دەست دەکەوێت ئەمە وا لە منداڵەکەت دەکات فێری بازرگانیکردن بێت نەک ڕەوشتبەرزی لە داهاتوودا بۆ هەر کارێکی باش کە بیکات، چاوەڕێی پاداشت دەکات و ئەگەر پاداشت نەبێت کارە باشەکە ناکات.

لە بڕی بەرتیل دان بە منداڵ چی بکەین؟

پێویستە منداڵ و مێرمنداڵ تێبگەن کە هەر کارێکی باش کە دەیکەن یان هەر ڕەفتارێکی جوان ئەمە بۆ کەسایەتی خۆیانە نەک ئامرازێک بێت بۆ دەستکەوتنی پاسکیل یان پاداشت وەرگرتن وەک دەستخۆشی.