بەکارھێنانی مۆبایل و ئامێرە دیجیتاڵییەکان لە خوار تەمەنی دوو ساڵییەوە کاریگەرییەکی نەرێنی زۆر قووڵ لەسەر گەشەی مێشک، جەستە و لایەنی سۆزداری منداڵ دروست دەکات، دیارترین زیانەکانی بریتیین لە:
١: تێکچوونی گەشەی مێشک: لەم تەمەنەدا مێشکی منداڵ بە خێراییەکی پێوانەیی گەشە دەکات و پشت بە ئەزموونی ڕاستەقینە و بەرکەوتنی جەستەیی لەگەڵ دەوروبەر دەبەستێت. بینینی شاشە خێراکان ڕێگری لە دروستبوونی پەیوەندییە دەمارییە سروشتییەکان دەکات و توانای تەرکیز و فێربوون لاواز دەکات.
٢: دواکەوتنی زمان و قسەکردن: فێربوونی زمان لە ڕێگەی کارلێکی دوو قۆڵی (قسەکردن و وەڵامدانەوە لەگەڵ دایک و باوک) ڕوودەدات. مۆبایل تەنها زانیاریی یەک ئاراستە پێشکەش دەکات، بۆیە منداڵانی خوار دوو ساڵ کە زۆر سەیری شاشە دەکەن زۆرجار لە دواکەوتنی قسەکردن یان گوزارشتکردندا دواکەوتن بەخۆیانەوە دەبینن.
٣: لاوازبوونی توانای کۆنتڕۆڵکردنی سۆزداری و تووڕەیی: منداڵ لەم تەمەنەدا فێری ئەوە دەبێت چۆن هەستەکانی ئارام بکاتەوە. بەکارهێنانی مۆبایل وەک هۆکارێک بۆ بێدەنگکردن یان ڕاگرتنی گریانی منداڵ وای لێدەکات نەتوانێت فێری ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ فشار و تووڕەییدا ببێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵچوونی خێرا و سەختی لە هێمنبوونەوەدا.
٤: تێکچوونی خەو: ڕووناکی شین کە لە شاشەی مۆبایلەوە دەردەچێت ڕێگری لە دەردانی هۆرمۆنی مێلاتۆنین (هۆرمۆنی خەو) دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆجی جەستە، درەنگ نووستن، و خەوێکی پڕ لە ڕاوەستان کە بۆ گەشەی خانەکانی مێشک و جەستە لەو تەمەنەدا پێویستە.
٥: کێشە لە گەشەی ماسولکە و جووڵەدا: کاتی زۆر دانیشتن لەبەردەم مۆبایاندا واتە کەمبوونەوەی جووڵەی جەستەیی. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکانی مل و شان، و دواکەوتنی قۆناغە فیزیکییەکانی وەکو خشڵان، دانیشتن، و ڕۆیشتن.
٦: کەمبوونەوەی توانای پەیوەندیی کۆمەڵایەتی: منداڵ پێویستی بە بینینی دەموچاو، خوێندنەوەی دەربڕینەکانی ڕوخسار، و تێگەیشتن لە زمانێ جەستەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵایەتی بێت. پشتبەستن بە شاشە منداڵ لەم کارلێکە مرۆییانە دووردەخاتەوە و لە داهاتوودا توانای تێگەیشتن لە هەستی دەوروبەری کەمدەکاتەوە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و کۆمەڵەی پزیشکی مناڵانی ئەمریکی بە توندی پێشنیار دەکەن کە منداڵانی خوار تەمەنی ۱٨ بۆ ۲٤ مانگ هیچ بەرکەوتنێکیان بە شاشە و مۆبایل نەبێت.
وەڵامێک بنووسە