بینینی کەمێک خوێن لە هەفتەکانی یەکەمی دووگیانیدا زۆرجار دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ لای خانمانی دووگیان، بەڵام پێویستە هەموو خانمێکی دووگیان بزانێت کە هەموو بینینی خوێنێک نیشانەی بوونی مەترسی نییە. لە هەندێک حاڵەتدا، وەک خوێنەربوونی چەقینی هێلکە لە منداڵداندا، دیاردەیەکی ئاساییە.


چۆن خانمێکی دووگیان بزانێت خوێنەربوونەکەی لە کاتی دووگیانیدا ئاساییە؟
لەم حاڵەتانەدا خوێنەربوونی خانمی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا ئاساییە:

١: خوێنەربوونەکە تەنیا بە شێوەی پەڵە یان چەند دڵۆپەیەکی سووک بێت.

٢: ڕەنگی خوێنەکە قاوەیی کاڵ یان پەمەیی بێت.

٣: خوێنەربوونەکە ماوەکەی کورت بێت و بە خێرایی کۆتایی بێت.

٤: خوێنەربوونەکە هیچ ئازارێکی توندی لەگەڵدا نەبێت.


کەی پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت؟
ئەگەر خوێنەربوونەکە بەم شێوانەی خوارەوە بوو، ئەوا پێویستە خانمە دووگیانەکە بەبێ دواکەوتن پەیوەندی بە پزیشکەکەیەوە بکات:

١: ئەگەر خوێنەربوونەکە زۆر بوو، بڕەکەی هاوشێوەی سووری مانگانە یان زیاتر بوو.

٢: ئەگەر لەگەڵ خوێنەربوونەکەدا خانمە دووگیانەکە هەست بە ئازارێکی توند یان گرژبوونی بەهێزی سکی بکات.

٣: ئەگەر خوێنەربوونەکە سەرگێژخواردن یان لەهۆشچوونی لەگەڵدا بیت.

٤: ئەگەر خوێنەربوونەکە پارچەی خوێنی لەگەڵدا بوو.


ڕێنوێنی بۆ خانمانی دووگیان:
پێویستە هەموو خانمێکی دووگیان لەبیری بێت ئەزموونی هەر دووگیانییەک جیاوازە، بۆیە هەرگیز نیشانەی نائاسایی پشتگوێ نەخرێت. چاودێری پزیشکی بەردەوام و زوو دەستنیشانکردنی هەر کێشەیەک، کلیلی ئارامی و پاراستنی تەندروستی خانمی دووگیان و کۆرپەکەیە.


د. سۆمەییە عەتا نەقشبەندی
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون