دەر بڕینی هەستەکان یەکێکە لە گرینگترین بنەماکانی تەندروستی دەروونی منداڵ و کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر گەشەکردنی کەسایەتییان هەیە.
لێرەدا باس لەوە دەکەین بۆچی گرینگە منداڵەکەت فێری دەربڕینی هەستەکانی بکەیت و چۆن ئەمە یارمەتییان دەدات:
١: پاراستنی ئاسایشی سۆزداری:
کاتێک منداڵ هەستەکانی (وەک ترس، نیگەرانی، یان تووڕەیی) دەردەبڕێت و لەلایەن دایک و باوکەوە بە ئەرێنی وەڵام دەدرێتەوە، هەست بە (سەلامەتی دەروونی دەکات) ئەم هەستە بە سەلامەتییە بناغەیەکە بۆ ئەوەی منداڵ بتوانێت بە باشی فێری شتی نوێ ببێت و گەشە بکات.
٢: پەرەپێدانی هۆشمەندی سۆزداری:
فێرکردنی منداڵ بۆ ناسینەوە و ناونانی هەستەکانیان (بۆ نموونە: من ئێستا زۆر تووڕەم یان من دەترسم) یارمەتییان دەدات تا لە داهاتوودا بتوانن هەستەکانی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن. ئەمە وا دەکات منداڵەکە کەمتر تووشی ڕەفتاری توندوتیژ یان داخراوی ببێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرکەوتووتر بن.
٣: دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز:
کاتێک منداڵ هەست دەکات دەتوانێت بە ئازادی و بەبێ ترس لە سەرزەنشتکردن هەستەکانی لەگەڵ تۆدا باس بکات، ئەمە متمانەی نێوانتان بەهێزتر دەکات. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەهێزبوون کە بناغەی گەشەی تەندروستی سۆزداری منداڵە.
٤: ڕێگریکردن لە فشار و دڵەڕاوکێ:
کاتێک منداڵ هەستەکانی دەشارێتەوە یان دەرفەتی دەربڕینی نییە، ئەو هەستانە لە ناخیدا کەڵەکە دەبن و دەبنە هۆی دروستبوونی فشاری دەروونی بێ ئەوەی دیار بێت. کاتێک منداڵ فێر دەبێت هەستەکانی بە زمان یان بە شێوازێکی دیکە دەرببڕێت، بارگرانییە دەروونییەکانی سەر شانی سووک دەبێت.
چۆن دەتوانیت یارمەتی بدەیت؟
گوێگربە: کاتێک منداڵەکەت هەستێکی دەردەبڕێت، بە گرینگییەوە گوێی لێ بگرە و بێ ئەوەی بە خێرایی ڕەخنەی لێ بگریت، پێی بڵێ کە تێدەگەیت.
ناونانی هەستەکان: یارمەتی بدە بەوەی پێی بڵێیت ئەمە کە هەست پێی دەکەیت تووڕەبوونە، ئاساییە هەست بە تووڕەیی بکەیت.
وەڵامێک بنووسە