کەڕووی دەم یەکێکە لە باوترین و ناسراوترین کێشەکانی دەمی منداڵانی ساوا، بە تایبەت لە تەمەنی چەند هەفتەیی تا چەند مانگی یەکەم.

نیشانەکانی کەڕووی دەمی منداڵ چین؟ وە چۆن بیناسینەوە؟

پەڵەی سپی و خەست وەک ( پارچە کەرە یان ماست ) لەسەر زمان، ناوپۆشی ڕوومەتەکان، مەڵاشوی دەم، وە پووکی منداڵەکە دروست دەبێت.

نیشانە جیاکەرەوەکانی لەگەڵ پەڵەی شیر چین؟

ئەگەر شیری ئاسایی بێت، بە کەمێک ئاو خواردنەوە یان سڕین بە دەست بە خێرایی لادەچێت، بەڵام ئەگەر کەڕوو بێت بە سڕین لاناچێت، ئەگەر بە زۆری لایببەیت ئەوا شوێنەکەی سوور دەبێتەوە و لەوانەیە کەمێک خوێنی لێبێت منداڵەکە لە کاتی مژینی شیردا ئازاری دەبێت وە دەگری، یان کتوپڕ مەمک بەردەدات چونکە مژینەکە ئازاری دەدات.

هۆکارەکانی دروستبوونی چین؟

١: نەکوڵاندنی مەمکە شوشە: ئەگەر سەر گوپکەی مەمکە شوشەکە دوای هەر بەکارهێنانێک بە ئاوی کوڵاو پاکژ نەکرێتەوە، دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی کەڕوو لەم شوێنەدا.

٢: بەکارهێنانی دژەبەکتریا ( ئەنتیبایۆتیک ): ئەگەر منداڵەکە یان دایکی شیردەر دەرمانی دژەبەکتریا وەک ( ئەمۆکسلین ) یان خواردبێت ئەم دەرمانە بەکتریای سوودبەخشەکانی ناو دەم دەکوژێت و رێگا بۆ کەڕووەکە خۆش دەکات گەشە بکات.

٣: گواستنەوە لە دایکەوە: لە کاتی لەدایکبوونی سروشتیدا یان ئەگەر گۆی مەمکی دایکەکە خۆی کەڕووی گرتبێت، لە کاتی شیرپێداندا دەگوازرێتەوە بۆ دەمی منداڵەکە.

چۆن چارەسەری ئەم حاڵەتە بکەین؟

١: شوشتنی جل و بەرگەکانتان لە بەرزترین پلەی گەرمی جلشۆرەکەتان.

٢: ئەو شتانەی پەیوەندی بە مەمە وشکە و مەمە شیری منداڵ و هەر یاریەکی منداڵەکەوە هەیە بە رێک و پێکی تەعقیم بکرێن و بەردەوام پاک بکرێنەوە واتە هەموو ڕۆژێک مەمکەشوشەی منداڵەکە بخەرە ناو ئاوی کوڵاو بۆ ماوەی ١٠ خولەک بۆ ئەوەی کەڕووی لەسەر بمرێت.

٣: پێویستە پسپۆڕی منداڵان منداڵەکەت ببینێ و ئەگەر شیری خۆت بدەیت بە منداڵەکەت پرس بە دکتۆرەکەت بکە ڕەنگە تۆش بۆ گۆی مەمکت پێویستت بە دەرمان هەبێت و ڕەنگە کەڕوەکە لە سنگی تۆوە بۆ منداڵەکەت بگوازرێتەوە.