زۆرجار کاتێک منداڵێکی شیرەخۆر بەردەوام دەگری و ژیر نابێتەوە، دایکان و باوکان تووشی دڵەڕاوکێ و ماندوێتی دەبن، لەوانەیە پەنا ببەنە بەر ڕاوەشاندنی منداڵەکە بە مەبەستی ژیرکردنەوە یان لە کاتی تووڕەییدا. بەڵام ئایا دەزانیت ئەم جوڵەیە چەندە مەترسیدارە؟
لە ڕووی زانستییەوە چی ڕوودەدات؟
مێشکی منداڵی ساوا زۆر ناسکە و ماسولکەکانی ملی هێشتا لاوازن و ناتوانن کێشی سەر ڕابگرن. کاتێک بە توندی منداڵەکە ڕادەوشێنیت، مێشکی لەناو کاسەی سەردا بە توندی بەر ئەملا و ئەولا دەکەوێت. ئەمەش دەبێتە هۆی:
١: برینداربوونی دەمارەکان و موولولەکانی خوێن.
٢: خوێنبەربوون لە ناو مێشک و دەوروبەری چاوەکان.
٣: ئاوسانی مێشک کە دەبێتە هۆی تیکچوونی هەمیشەیی خانەکان
مەترسییەکانی ڕاوەشاندنی توند:
ئەم کارە لەوانەیە ببێتە هۆی کارەساتی گەورە کە هەندێکیان بریتین لە:
١: پەککەوتنی مێشک و جەستە.
٢: کوێربوون یان تێکچوونی بینین.
٣: دواکەوتنی گەشە و فێربوون.
٤: تەنانەت لە حاڵەتە توندەکاندا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
چی بکەین کاتێک منداڵەکەمان زۆر دەگری و ماندوو دەبین؟
١: هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە و بزانە کە گریان زمانی منداڵە بۆ دەربڕینی ئازار یان پێویستی.
٢: ئەگەر هەستت کرد زۆر تووڕەیت، منداڵەکە لە شوێنێکی ئارام (وەک بێشکەکەی) دابنێ و بۆ چەند خولەکێک ژوورەکە جێبهێڵە تا هێمن دەبیتەوە.
٣: پەیوەندی بە کەسێکی نزیکتەوە بکە تا یارمەتیت بدات.

