بە وردی سەیری منداڵەکەت بکە، ئەگەر هەموو شتێکی بۆ فەراهەم بکەیت و خۆشت بوێت، بەڵام هیچ سنوورێکی بۆ دانەنێیت، لە ناو خۆیدا ون دەبێت منداڵێک کە نازانێت نا چییە و لە کوێدا دەبێت بوەستێت
لە ڕووی دەروونییەوە هەمیشە هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات، چونکە وەک ئەوە وایە لە دەشتێکی چۆڵدا بێت و هیچ دیوارێک نەبێت پشتی پێوە بدات،
سنوور بۆ منداڵ جۆرێکە لە پاراستن نەک زیندانیکردن
بۆ نموونە، منداڵێک ئەگەر ڕێگەی پێ بدەیت تا بەیانی سەیری ئایپاد بکات یان هەرچییەکی ویست بیخوات تەنها لەبەر ئەوەی خۆشت دەوێت لە ڕاستیدا تۆ زیانی لێدەدەیت.
منداڵ لە ناو ئەو هەموو بەڵێ یەدا ترسی لێ دەنیشێت، چونکە وا هەست دەکات کەس نییە ئاگای لێ بێت و ڕێگەکەی بۆ ڕاست بکاتەوە، سنوور دانان بۆ منداڵ وەک پەرژینی باخچە وایە ڕێگری لێ ناکات یاری بکات، تەنها ناهێڵێت بکەوێتە ناو چاڵەکەوە.
ئەو منداڵەی فێر نەبێت سنوور هەیە، کە گەورە بوو نە دەتوانێت ڕێز لە سنووری کەس بگرێت نە دەشزانێت چۆن بەرگری لە مافی خۆی بکات، لە ناوەوە هەمیشە هەست بە نائارامی دەکات، چونکە فێر نەکراوە کە نەخێر مانای کۆتایی دنیا نییە، بەڵکو مانای ڕێگرییە لە تێکچوون و ناهاوسەنگی ژیان.

