فێرکردنی منداڵەکەت بۆ داوای لێبووردن کردن بەشێکی گرینگە لە پەروەردەکردندا یارمەتیان دەدات فێری بەرپرسیاریەتی و هاوسۆزی و چۆنیەتی چاککردنی پەیوەندیەکانیان ببن لەگەڵ دەوروبەریدا. لێرە چەند هەنگاوێکی سادە دەخەینە ڕوو:
١: منداڵان بە سەیرکردن فێردەبن، نیشانیان بدە کە چۆن داوای لێبووردن دەکەیت کاتێک کە شتێکی هەڵە ئەنجام دەدەیت وەک: (ببوورە کە هاوارم کرد بێزار بووم بەڵام ئەمە ڕێگەیەکی دروست نەبوو بۆ مامەڵەکردن).
٢: تێیان بگەیەنە کە کارەکانیان چ کاریگەریەکی لەسەر بەرامبەریان هەیە بەر لەوەی سەرنجیان بخەیتە سەر وشەی (ببورە)، لێی بپرسە پێتوایە هاوڕێکەت هەستی چۆن بوو کاتێک پاڵت پێوەنا.
٣: گرینگی داوای لێبووردن ڕوونبکەوە با بزانن داوای لێبووردن بۆ ئەوەیە کە شتەکان چاک بکرێتەوە، بۆ ئەوەیە ئەگەر ئازاری کەسێکت دا بە داوای لێبووردن دەتوانیت پەیوەندیەکەتان چاک بکەنەوە.
٤: ستایشی بکە کاتێک هەوڵدەدات داوای لێبووردن بەکار بهێنێت، هەوڵەکانی بەرز بنرخێنە.
٥: سەبرو بەردەوامی، هەرکاتێک دەرفەتێک هاتە پێش بیریان بخەرەوە و ڕێنماییان بکە.