ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دایکایەتی و گرنگیدان بە خود، یەکێکە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی ژیانی هەر دایکێک. ئەم هاوسەنگییە پێویستی بەوەیە دایکەکە تێبگات کە (خۆشویستنی خود) مانای (کەمتر خۆشویستنی منداڵ) نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دایکێکی دڵخۆش و ئاسوودە دەتوانێت پەروەردەیەکی باشتر و سۆزێکی زیاتر بە منداڵەکەی ببەخشێت.
لێرەدا چەند خاڵێکی کردەیی و دەروونی بۆ ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییە دەخەینە ڕوو:
١: وازهێنان لە تەواوکاری:
زۆرێک لە دایکان هەوڵ دەدەن لە هەموو شتێکدا (ماڵ، منداڵ، کار، خۆیان) بێ کەموکوڕی بن.
ڕێگەچارە: قبوڵ بکە کە ڕۆژانێک هەن نەتوانیت هەموو کارەکان بە تەواوی ئەنجام بدەیت. ئاساییە ئەگەر ماڵەکە هەندێک جار شێواو بێت یان خواردنێکی سادە ئامادە بکەیت، گرنگ ئەوەیە کات بۆ پشوودانی خۆت تەرخان بکەیت.
٢: هەوڵ بدە وزە بدەیتە خۆت:
دایکایەتی ئەرکێکی قوڕسە گەر وزەت نەمێنێ ناتوانیت ئەم ئەرکە بە سەرکەوتووی ئەنجام بدەیت
بە شێوەی کردەیی: تەنانەت ئەگەر ١٥ بۆ ٣٠ خولەکیش بێت لە ڕۆژێکدا، تەرخانی بکە بۆ شتێک کە تۆ ئاسوودە دەکات. ئەوە دەکرێت خوێندنەوەی کتێبێک بێت، وەرزشێکی سووک، یان تەنها دانیشتن بە بێدەنگی و خواردنەوەی کوپێک قاوە. ئەم کاتە بۆ بەتاڵکردنەوەی فشارە دەروونییەکانە.
٣: داواکردنی هاوکاری (بەبێ هەستی تاوانباری):
دایکان زۆرجار پێیان وایە دەبێت هەموو شتێک بە تەنیا بکەن، بەڵام ئەمە هۆکارێکە بۆ ماندووبوونی زیاتر.
بە شێوەی کردەیی: داوا لە هاوسەرەکەت، ئەندامانی خێزانەکەت، یان هاوڕێکانت بکە بۆ هاوکاریکردنت لە ئەرکەکانی ماڵەوە یان چاودێریکردنی منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کورت. دڵنیابە ئەمە نابێتە هۆی کەمبوونەوەی خۆشەویستی تۆ بۆ منداڵەکەت، بەڵکو وزەت پێ دەبەخشێتەوە.
٤: گرنگیدان بە تەندروستی جەستەیی:
باری دەروونی بە توندوتۆڵی بەستراوەتەوە بە تەندروستی جەستەیی.
بە شێوەی کردەیی: خەوی باش، خواردنی تەندروست، و جووڵەی ڕۆژانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئاستی تووڕەیی و ئارامی تۆ. کاتێک جەستەت ماندوو نەبێت، ئاستی بەرگەگرتنت بەرامبەر بە گریانی منداڵ یان داواکارییەکانی زۆر زیاتر دەبێت.
٥: تێکەڵکردنی منداڵ لە چالاکییەکان:
مەرج نییە هەمیشە کاتی (خۆت) جیا بێت لە کاتی (منداڵەکەت)
بە شێوەی کردەیی: ئەگەر دەتەوێت وەرزش بکەیت، منداڵەکەت لەگەڵ خۆت ببە بۆ پیاسە یان بەشداری پێبکە لە جووڵەکاندا. ئەمە نەک هەر کاتت بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی سۆزداریی بەهێزیش لە نێوانتان دروست دەکات.
٦: دانانی سنوور:
منداڵ پێویستی بەوەیە فێر ببێت کە دایکیشی مرۆڤە و پێویستی بە کات و بۆشایی خۆی هەیە.
بە شێوەی کردەییی: بە شێوازێکی نەرم بەڵام ڕاشکاو، فێری منداڵەکەت بکە کە کاتێک دایک سەرقاڵی کارێکی گرنگە یان پێویستی بە پشوو هەیە، چۆن ڕێز لەو بێدەنگییە بگرێت. ئەمە نەک هەر بۆ تۆ باشە، بەڵکو وانەیەکی گرنگە بۆ سەربەخۆیی منداڵەکە خۆیشی.
وەڵامێک بنووسە