بۆچی منداڵی ساوا شەوان ناخەوێت؟ پسپۆڕانی تەندروستی هۆکارەکانی گریانی منداڵ لە نیوەشەو و نەنوستن لە کاتی خۆی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێننەوە کە ڕەنگە لە زۆرینەی منداڵەکاندا هەبن، هەر ئەم هۆکارانەشن وا دەکەن خەوی منداڵ تێکبچێت، ئەمانەن:
— تا 12 هەفتە تەواو دەکات، واتە تا سێ مانگ دوای لەدایکبوونی منداڵ شەو و ڕۆژی بۆ نییە و کەی ویستی دەخەوێ و کەی نەویست بەخەبەر دەبێت، واتە نازانێ کەی کاتی خەوە، بۆیە لە نیوەشەودا کە نایەوێ بخەوێ دەگری، باشتر وایە تۆ لە کاتی ڕۆژدا هیلاکی بکەیت و یاریی لەگەڵ بکەیت و نەهێڵی بخەوێت، تا لە شەودا وردە وردە خشتەی خەوی ڕێکبخەیت و فێری خەوی شەوانەی بکەیت.
— منداڵی تازە لەدایکبوو کەم دەخوا و زوو زوو دەخوا، بۆیە تەنانەت ئەگەر نیو سەعات پێش ئەم گریانی لەناکاوی نیوەی شەوی شیرت پێ دابوو، جارێکی تر شیری پێ بدە، چونکە ڕەنگە پێشتر تێری نەخواردبێت و ئێستا بەو گریانی بانگت بکا بۆ ئەوەی خۆراکی پێ بدەیت.
— پێشتر گوترا کە منداڵەکەت لە ڕۆژدا هیلاک بکە تا شەو بخەوێت، بەڵام وریا بە بەو ڕێژەی هیلاکی نەکەیت کە شەو نەتوانێ لەتاو هیلاکی بخەوێت، چونکە ئەمە ئەرکەکەت لێ قورستر دەکات، ئەگەر ڕۆژێک بەهۆی زۆری میوان و سەردانیکەر منداڵەکەت هیلاک بوو، شەو هەوڵ بدە لە باوەشی خۆت بیخەوێنیت و دەست بهێنی بە سەریدا، با هەست بە ئارامی بکات و بخەوێت.
— ئاگات لە سەرما و گەرمای ژوورەکەت بێت، منداڵ ئەگەر هەستی بە نائارامی بەهۆی پلەی گەرمی ژوورەوە کرد، خەوی لێ ناکەوێت، بۆیە بەپێی جەستەی ئەو ژوورەکەت بگونجێنە.
— ڕەنگە باوەڕ نەکەیت، بەڵام منداڵ زۆر هۆگری بۆن و پێست و قژی دایکیەتی، بۆیە ئەگەر هەر زانیت هیچ کێشەیەکی نییە و ناخەوێت، دڵنیابە لەوەی بیرت دەکات و پێویستی بەوەیە نازی هەڵگریت، بۆیە لە باوەشی بکە و گۆرانیی بۆ بڵێ و دەست بهێنە بە قژیدا، تا هەست بە بوونی تۆ بکات و خەوی لێ بکەوێت.

