لە ڕووی پزیشکی و دەروونیەوە، هاوارکردن تەنها دەنگێکی بەرز نییە بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەقینە و قوڵە لەسەر مێشک، سیستەمی دەمار و گەشەی سۆزداری منداڵ جێدەهێڵێت، بە تایبەت ئەگەر ببێتە خوویەکی بەردەوام.
١: چالاکبوونی سیستەمی سترێس: کاتێک هاوار لەسەر منداڵ دەکرێت مێشک وەک ( هەڕەشەیەکی مەترسیدار) مامەڵە لەگەل دەنگەکاندا دەکات:
١: ئەمیگدالا ( ناوەندی ترس): بە توندی چالاک دەبێت.
٢: هۆڕمۆنەکان: جەستە برێکی زۆر لە کۆرتیزۆل و ئەدریناڵین دەردەدات.
٣: نیشانە جەستەییەکان: لێدانی دڵ خێرا دەبێت و پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە.
٢: گۆڕانکاری لە گەشەی مێشک: بە تایبەت لە منداڵانی بچووکدا هاوارکردنی زۆر دەبێتە هۆی:
١: کەمبوونەوەی گەشەی پێشەوەی مێشک( ئەو بەشەی بەرپرسە لە بریاردان و کۆنترۆڵکردنی سۆز ).
٢: لە بڕی گەشەکردنی ڕێڕەوی فێربوون، ڕێڕەوی ترس لە مێشکدا بەهێز دەبێت.
٣: کێشەی بیرەوەری و فێربوون و سەرنجدان: ئاستی بەرزی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل کاریگەری ڕاستەوخۆ هەیە لەسەر ( هیپۆکامپس) کە بەرپرسە لە:
١: دروستبوونی بیرەوەری: منداڵ ناتوانێت بیرەوەری نوێ بە باشی دروست بکات.
٢: فێربوونی قوتابخانە: زانیاریەکان بە باشی ناتوانێت وەربگرێت و زوو وانەکانی بیر دەچێتەوە.
٣: تەرکیز: مێشک بۆ تەرکیزکردن پێویستی بە ئارامییە لە ژێر فشاری هاواردا تەرکیزکردن پەککەوتە دەبێت.
٤: تێکچوونی تەندروستی سۆزداری و دەروونی: هاوارکردنی بەردەوام دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەم گرفتانە لە داهاتوودا:
١: زیادبوونی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
٢: هەستکردن بە کەمایەتی و نەمانی متمانە بە خۆبوون.
٣: پەنابردن بۆ رەفتاری شەڕانگێزی یان دژایەتیکردنی دەوروبەر.
٤: هەوڵدانی زۆر بۆ ڕازیکردنی خەڵکی لەسەر حیسابی خۆی.
٥: کاریگەری درێژخایەن لەسەر کۆئەندامی دەمار: دووبارەبوونەوەی هاوارکردن سیستەمی دەماری ئۆتۆنۆمی تێکدەدات و دەبێتە هۆی:
١: تێکچوونی ڕەفتار: منداڵەکە یان زۆر گۆشەگیر دەبێت یان زۆر هاروهاج.
٢: کێشەی جەستەیی: وەک سەرئێشە، ئازاری گەدە و کێشەی خەوتن.
٣: لاوازبوونی بەرگری: فشاری دەروونی درێژخایەن سیستەمی بەرگری جەستە لاواز دەکات و منداڵەکە زووتر نەخۆش دەکەوێت.

