یەکێک لە گەورەترین ئەو کێشانەی منداڵ تووشی سەرلێشێوان و دڵەڕاوکێ دەکات، هەبوونی چەند بڕیارێکی جیاوازە لە ناو یەک ماڵدا، کاتێک یاساکان جێگیر نین، منداڵ متمانەی بە چەمکی ڕاست و هەڵە نامێنێت.
منداڵ چۆن تووشی گومان دەبێت؟
بۆ نموونە: منداڵەکە داوای دۆندرمە دەکات:
دایک دەڵێت: ( نا ) ئێستا نابێت بیخۆیت.
باوک دەڵێت: ئاساییە، دوای نان بیخۆ.
داپیرە دەڵێت: وەرە گیانەکەم، هەر ئێستا بیخۆ.
ئەنجام چی دەبێت؟
لێرە منداڵ ناگاتە ئەو بڕوایەی کە خواردنی دۆندرمە لەو کاتەدا باشە یان خراپ، بەڵکو دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە هیچ یاسایەکی ڕاستەقینە بوونی نییە، تەنها دەبێت بزانیت کێ ڕازی دەکەیت! ئەمە وای لێدەکات لە داهاتوودا ببێتە کەسێکی دووڕوو.
ڕێگەچارە چییە؟
هاوئاهەنگی و یەکدەنگی
١: ڕێز لە بڕیاری دایک بگرە: باوکی بەرێز تەنانەت ئەگەر لەگەڵ بڕیاری دایکەکەش نەبوویت بەڵام نابێت لەبەردەم منداڵەکەت بەرپەچی قسەی دایکەکە بدەیتەوە دواتر دەتوانن لەگەڵ هاوسەرەکەت ڕێک بکەون لەسەر بڕیارەکاندا.
٢: یەک هەڵوێست بن: باشترە هەموو ئەندامانی خێزان لەسەر یەک بریار بن ( تەنانەت ئەگەر بڕیارەکە کەمێک هەڵەش بێت) چونکە یەکدەنگی بۆ دەروونی منداڵ باشترە لە پەرتەوازەیی.
٣: هاوکاری کێ پێویستە؟ ئەو کەسانەی هاوکاری دایک دەکەن ( باوک، داپیرە، باپیرە) گەورەترین هاوکاری ئەوەیە کە هەمان یاسایانە دووبارە بکەنەوە کە دایکەکە بۆ منداڵەکەی داناوە.
پەیامی کۆتایی: هاوئاهەنگی لە نێوان دایک و باوک گەورەترین هۆکاری ئارامی و سەقامگیری دەروونی منداڵە. کاتێک منداڵ دەزانێت ( نا ) لای دایک هەر هەمان ( نا ) یە لە لای باوکیش، هەست بە پارێزراوی سنوور ڕوونی ژیان دەکات.

