پەروەردەی نا تەندروست

زۆرێک لە دایک و باوکان کاتێک کە پەروەردەی منداڵەکانیان دەکەن ئاگادار نین دەکرێت زۆرجار هەندێک ڕەفتار لەگەڵ منداڵەکانیان ئەنجام بدەن کە کاریگەری خراپ بەجێبهێڵێت لەسەر منداڵەکەیان وا بکات پەروەردەکەیان ببێت بە پەروەردەیەکی ناتەندروست.

١: کۆنترۆڵکردنی هەموو ڕەفتارەکانیان: بێگومان کۆمەڵێک ڕەفتار هەن کە شایەنی ئەوەن کە دایک و باوک کۆنترۆڵیان بکات بەڵام منداڵان پێویستیان بە ئازادی هەیە و نابێت دایک و باوک کۆنترۆڵی هەموو ڕەفتارەکانیان بکات دواجار ئەم کۆنترۆڵکردنە زیادەڕۆییە کاریگەری خراپ بە جێ دەهێڵێ لە دەروونی منداڵاندا.

٢: دەست تێوەردان لە بڕیارەکانی: پێویستە دایک و باوکان لەوە تێبگەن کە نابێت هەموو بڕیارەکانی منداڵەکانیان ئەوان بیدەن، پێویستە منداڵان بە ڕێژەیەکی باش خۆیان بڕیارەکانی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو ترسی بڕیاردانیان نەبێت.

٣: ڕەخنەگرتن لە هەمووشتێک: یەکێک لە هەڵە گەورەکانی دایک و باوکان ئەوەیە کە هەمیشە ڕەخنە لە منداڵەکانیان بگرن بێ ئاگا لەوەی کە ئەمە کەلێنێکی گەورە لە کەسایەتی منداڵ دروست دەکات، وایان لێدەکات لە داهاتوودا متمانەیان بە کارەکانی خۆیان نەبێت.

٤: گۆڕینی هەست و خۆشەویستی بۆ سزادان: منداڵان بە نەبوونی خۆشەویستی زۆر کەلێن لە کەسایەتیان دروست دەبێت، ڕەنگە لە گەورەبووندا نەتوانن هەستەکانیان یاخود خۆشەویستی بۆ کەسی بەرامبەریان دەربخەن، بۆیە دەبێت هاوسەنگی لە نێوان سزادان و خۆشەویستی دروست بکەین.

٥: نەدانی کاتی تایبەت پێیان: هەرچەند ڕۆژەکەت جەنجاڵ بێت پێویستە کاتی تایبەت ببەخشیتە منداڵەکەت، چونکە منداڵ ئەوکاتە هەست بە ئاسودەیی و خۆشەویستی دەکات کاتێک کاتی تایبەتی پێ دەبەخشیت.

Related Posts

Recent Stories