قوماتەکردنی منداڵ واتا پێچانەوەی منداڵەکە، کە تێیدا دەست و قاچی منداڵەکە دەبەسترێتەوە
زیانەکانی قوماتەکردنی منداڵ:
١: مەترسی مردنی لە ناکاو: یاخود پێی دەڵێن ( SIDS) یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ قەدەغەکردنی قوماتەکردن، تەنانەت نابێت لە زستاندا بۆ داپۆشینی منداڵەکەت بەتانی قوڕس و گەورە بەکاربهێنیت تاکو ئەگەری خنکانی منداڵەکە ڕوونەدات.
٢: دروستبوونی کێشە لە ناوچەی کۆلک و ڕاندا: قوماتەکردن کە تێیدا بە توندی قاچی منداڵەکە دەبەستیت و ناهێڵیت هیچ جوڵەیەکی هەبێت لە کاتێکدا کە ئەو منداڵە زۆر ناسکە، توندکردنی قاچەکانی ئەنجامێکی باشی بەدواوە نابێت بە تایبەت ئەو منداڵانەی کە خۆیان کێشەیەکی زگماگیان هەیە لە کۆلک و ڕانیاندا و هەروەها هۆکارەکانی وەک ( پێشینەی خێزان، منداڵبوونێکی قوڕس و پڕ کێشە ) ئەم سێ هۆکارە ئەگەری ئەو حاڵەتە زیاتر دەکەن بۆیە دایکان دەبێت زۆر وریا بن و توند قاچی منداڵەکەیان نەبەستن.
٣: کێشە بۆ گەشەی جوڵەی منداڵەکە: بە تایبەت دوای تەمەنی یەک مانگی منداڵەکە قوماتەکردنی زۆر کێشە دروست دەکات و ناهێڵڕێت منداڵەکە جوان گەشە بکات و قاچ و دەستەکانی جوان بجوڵێنێت، بۆیە ئەگەر سووریت لەسەر قوماتەکردنی منداڵەکەت ئەوا تەنها با مانگی یەکەم بێت و دوای ئەوە وازی لێبهێنە.
٤: خنکان یاخود کەوتنە سەر سک: ئەگەر منداڵەکە گەشتبێتە تەمەنێک کە بتوانێت خۆی بخاتە سەر سک و لەم کاتەدا قوماتە کرابێت و هەردوو دەست و قاچی بەسترابێت و لە ناکاو بکەوێت بە دەمدا ئەگەری خنکانی زۆرە، کێشەکە لەوێدایە کە زۆر جار نازانیت منداڵەکەت کەی دەکەوێت بە دەمدا چونکە لەناکاو ئەم شتە دەکات.
٥: قوماتەکردنی دروست: زۆر جار منداڵەکە لە خەو ڕادەچەلەکێت بەوەی دەست و قاچی دەجوڵێت لە کاتی خەوەکەدا، لەم کاتەدا بە ڕاوێژکردن بە پزیشک دەتوانێت قوماتەی بکەیت ئەویش بە پەڕۆیەکی ناسک و تەنها دەست و قاچی ببەستیت و زۆر نەیبەیتە سەرەوە و سووکیش بیبەستیت و ئاگاداری منداڵەکە بیت هەمیشە لەوەی خۆی نەخات بە دەمدا.

