کۆمەڵەیەکی پزیشکی لە بەریتانیا داوا لە دایکان و باوکان دەکات منداڵە ساواکانیان لەسەر پشت بنوێنن، بۆ ئەوەی لە مردنی کتوپڕ دوور بن.
کۆمەڵەی لولوبی ترەست (lullaby trust) لە ماڵپەڕی خۆیاندا دەڵێن تاکو ئێستا نزیکەی نیوەی باوان نازانن ئەو هەنگاوانە چین کە کۆرپەکانیان دەپارێزێ لە مردنی کتوپڕ.
مردنی کتوپڕ، کە بە مردنی سەربێشکە ناسراوە، زۆرتر لە ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵاندا روودەدات و تاکو ئێستا هۆکارەکەی بە روونی دیارنییە.
رووپێوییەکی کۆمەڵە بەریتانییەکە لەسەر 500 دایک و باوک کە تەمەنی منداڵەکانیان لە دوو ساڵ کەمتر بووە، دەریخستووە لەگەڵ ئەوەی 94%ی باوان لەبارەی مردنی کتوپڕەوە بیستوویانە، کەچی 15% یان وەها تێگەیشتوون وا باشە منداڵ لەسەر سک بخەوێ، 23% ی دیکەش نە لەگەڵ ئەوەن و نە دژی ئەوەن منداڵ لەسەر سکی بخەوێ.
ساڵی 2014 لە بەریتانیا 230 منداڵ بەهۆی مردنی کتوپڕ گیانلەدەستداوە، ئەوەش لە ساڵانی دیکە کەمترە، بۆ نموونە ساڵی 2001 ژمارەکە 330 حاڵەت بووە.
کۆمەڵەکە جەختدەکاتەوە کە باشترین بار بۆ خەواندنی منداڵ بۆ دووربوون لەو جۆرە مردنە ئەوەیە لەسەر پشتیان بخەوێندرێن.

